»  کوردستان
200 كەس كە سەرژمێری ساڵی 1957یان نییە لە تەندروستی كەركوك دادەمەزرێن
 رەوان تاڵیب


لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو پێنجشەممەی رابردوو 200 كەس كە سەرژمێری ساڵی 1957 ی كەركوكیان نییە لە فەرمانگەی تەندروستی ئەو شارە دامەزراون و قایمقامی كەركوكیش بەوەكالەت فشارەكانی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت سەبارەت بە پێدانی كارتی نیشتەجێبون رەتدەكاتەوەو دەست لەكاردەكێشێتەوە، بڕیادەری ئەنجومەنی پارێزگاش بێئاگایی خۆی لەو دامەزراندنانە دەردەبڕێت و دەڵێت “لە غیابی لیستی برایەتیدا چاوەڕوانی كاری خراپتریش دەكەین” . 
بەپێی ئەو  زانیارییانەی دەست (هەواڵ) كەوتوون، لە دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری شاری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، تاوەكو پێنجشەممەی رابردوو زیاتر لە 200 كەس لەو 517 كەسەی كە سەرژمێری ساڵی 1957ی كەركوكیان نییەو پێشتر لە بەغدا رەزامەندی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە، لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك دامەزراون.
 لەلایەكی ترەوە راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت فشار دەخاتە سەر فەلاح خەلیل جەلیل قایمقامی ناوەندی كەركوك بە وەكالەت بۆ دەركردنی كارتی نیشتەجێبوون بۆ ئەو كەسانەی كەركوكی نین، بەڵام فەلاح خەلیل بڕیارەكانی جێبەجێ ناكات و دەست لەكار دەكێشێتەوە، لەپاش ئەوەوە راكان جبوری دەركردنی كارتی نیشتەجێبوونی راگرتووە.
لەو بارەیەوە ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”پەرتەوازەیی و یەكنەبوونی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە زۆرینەی ئەنجومەنەكە پێكدەهێنێت لێكەوتەی خراپی لێكەوتۆتەوەو ئەگەر بەمشێوەیە لیستی برایەتی بەردەوام بێت ئەوە دەبێت چاوەڕوانی كاری خراپتریش بكەین”.
بڕیادەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”تاوەكو ئێستا هیچمان دەربارەی دامەزراندنی ئەو هاوڵاتیانە پێنەگەیشتووە كە لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك دامەزرابێتن “، سەبارەت بە كارتی نیشتەجێبوونیش، وتی:” بەدواداچونمان بۆ ئەوە كردووە كە كارتی نیشتەجێبون بۆ كەسانێك دەركراوە كە خەڵكی كەركوك نین یاخود سەرژمێری ساڵی 1957ی كەركوكیان نییە”.
ئەڵماس فازڵ، راشیگەیاند:”قایمقامی كەركوك بەوەكالەت پێی راگەیاندوین كە تەنها كارتی نیشتەجێبون بۆ كەسانێك دەركراون كە سەرژمێری ساڵی 1957 یان هەیەو نیشتەجێی قەزاو ناحییەكانی كەركوك و ناو شارەكەن”.
بڕیادەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ، وتیشی:” قایمقامیەتی ناوەندی كەركوك بە وەكالەت ئەوەی وتووە كە هیچ كارێك ناكات كە سەرپێچی یاسا بێت و هەرچەندە داواشی لێكراوە كە سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی سەرژمێری ساڵی 1957یان  نییە كارتی نیشتەجێبونی كەركوكیان بۆ دەربكرێت، بەڵام ئەو رەتیكردۆتەوە”.




‌ 285 جار بینراوه‌
11/11/2017 9:56:26 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved