»  شۆک
ناڕەزایەتی خەڵك و گەنج لەو نێوەندە
هاوار ستار


كورد ئەڵێ “جام كە پڕ بوو لێی دەڕژێ” بێگومان بەرگەگرتنی مرۆڤ سنوری هەیەو كە گەیشتە لوتكە ئیتر لێی دەڕژێ، ئەوەی ئێستا لە شارەكانی هەرێم روودەدا ئاكامی حوكم و دەسەڵاتی هەڵەی چەند ساڵەی حكومەتەكانی هەرێمەو چەند ساڵ جارێك خەڵك دێنێتە سەر شەقام، بەڵام كێن ئەوانەی شەقام دەجوڵێنن؟ بێگومان زۆربەی هەرە زۆریان چینی گەنجانن.
گەنجانی كورد تا جام پڕنەبێت ناجوڵێن، كە جوڵانیش خراپ دەجوڵێن و زۆرجار بەزیانی خۆیان و خەڵكی هەوڵەكانیان دەشكێتەوە، ئیتر لێرەوە جارێكی تر هەمان حوكم و هەمان یاسای پێشو دەكەوێتەوە كار، ئەوەی لەسەر گەنجە بیكات سوتاندن و لێدان و روخاندنی بارەگای حیزبی و حكومی نییە، بەڵكو دەبێت سیستەمەكە بگۆڕێت بە شێوازێكی مەدەنیانە.
مەدەنیەت زۆر گرنگە گەنجەكانمان بیزانن، چونكە خۆپیشاندان بۆ ئەوە نییە تۆ ژیانت خراپ كردووم منیش دەیسوتێنم نەخێر، چونكە تۆ كە ئەو دەسەڵاتەت گۆڕی رەنگە تۆ بچیتە شوێنەكەی، بۆیە سوتاندن و تاڵان و روخاندن هەڵەیە، ئەو بارەگاو بینا حكومیانە موڵكی هەموانەو هەر رۆژە یەكێك لەو خەڵكە دەچێتە نێوی، بۆیە شارستانیەت زۆر گرنگە لە خۆپیشاندانەكان تا دەگاتە راپەڕینیش.
گەنجی كورد لەسەرێتی مافەكانی دەستەبەر بكات، بەڵام بە خواردنی مافی كەسی ترنا، هەموان لەم رۆژگارەدا ناڕازین و نەبوونی موچەو نەبوونی كار و خۆشگوزەرانی هەموو ئەمانە بەرهەمی حوكمڕانی شكستخواردوون، بەڵام نابێت بە شكستیش وەرگیرێتەوە، گەنج دەبێت رەنج بدات و بە ماندوبوون ئەوەی دەیەوێ بەدەستی بێنێ و بچێتە سەری، نەك تێكیبدات و لە سفرەوە بە دەیان ساڵیتر بەدەست نەیەتەوە.
دەسەڵاتی كوردی لەماوەی حكومڕانیدا ئەوەی هەبووە بۆ خۆ گەورەكردن و مونافەسەی یەكتر بووە و نەیانتوانیوە لەگەڵ خەڵكدا دۆستایەتی دروست بكەن هەر بۆیە بەردەوام تۆرانی خەڵك لە دەسەڵات بوونی هەیەو پشێوی و ئاڵۆزی بەدوای خۆی دێنێت، خەڵكیش بەهەمانشێوە نەیانتوانیوە لەگەڵ دەسەڵات پێك بێن و مافەكانیان بەمەدەنی وەرگرنەوە، ئەگەرنا پردی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی هەردوولا دروستی دەكەن و هەردوولاش بەرپرسن لە پەیوەندییەكانیان، ئەگەرنا دەسەڵاتی دیكتاتۆری میللەتی خەوتوو دروستی دەكات.
خەڵكی لە ناوچەكانی باشوری كوردستان دابەشبوون و لە دوو بەرگدا خۆیان دەبیننەوە، ناوچەی زۆنی سەوز كە هەمیشە خەڵك دەنگی لێ بەرزدەبێتەوە و ناوچەی زۆنی زەردیش كە بەردەوام خەڵكی بێدەنگە.
خەڵك بەگشتی و لە هەمو جێیەك ناڕازییە، بەڵام ئەوەی لە باشوری كوردستان دەبینرێت خەڵكی هەندێ جێگە بێدەنگن ئەوەش كە دیارە دەسەڵاتی حوكمڕانی ئەو جێیانە چۆنەو خەڵك چاوترسێنكراوە، بەڵام لە كۆتایشدا خەڵك بەهێزترە لە دەسەڵات و دەبێت دەنگیان هەبێ.
روداوەكانی ئەم دواییانەی كوردستان كاریگەری زۆری هەیە لەسەر بێدەنگبوونی خەڵك یاخود بڵێین بێدەنگكردنی خەڵك بەجۆرێك قەیران و شەڕی تیرۆر و دواتر شەڕی حكومەتی عیراقی و دەیان شتی تر خەڵكی بۆ ماوەیەك بێدەنگكرد، ئەوەی بەرگەی نەما رۆیشت و وڵاتی بەجێهێشت، ئەوەی مایەوە توڕەو نارازییە، هەر بۆیە كۆی گشتی ناڕەزایەتییەكان دابەشبوون و هەندێك جامی پڕن و هەندێكیش بێدەنگن و هەندێك دووركەوتنەوە لە ناوچەكە بەڵام چارەسەر هی هیچیان نییە.
كلیلی چارەسەر بەدەستی گەنجە، گەنج دەبێت مەدەنیانە سیستمەكە بگۆڕن و بونیادی ژیانێكی خۆشگوزەران بكەن، چونكە تاكە چارەسەر هەستانەوەی سەرتاسەریەو گۆڕینی سیستمە، بەڵام بە مرۆڤانەو یەكدەنگی و بێ بیری حزبی و دووبەرەكی، چونكە ئەو بیرانە تا ئێستاش لە سەری زۆربەمان و تاكەكانماندایە ئەوەشی ئێستا لە كوردستان دەكرێت كاتییەو هەڵڵایەو دەپوكێتەوە وەك ئەوەی پێش هاتنی داعشیش روویدا، چونكە ئێمە سیستم ناگۆڕین و تەنها دەموچاوی تازە دەخەینەوە سەر كورسیەكان بەهەمان سیستم، ئەگەر نا حیزب هەر ئەو حیزبانەن و دەشبن و زیاتر دەكەن، بەڵام گرنگە هەمان حیزب ریفۆرم بكرێنەوەو بە جیهانیبوونەوە لەگەڵ تاكەكان كار بكەن و گەنج ببێتە بناغەی ئەو نوێگەرییە.

‌ 185 جار بینراوه‌
12/23/2017 10:12:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved