»  کوردستان
كورد بە لەدەستدانی شەش پۆستی ئیداری گرنگەوە دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە



لەدەستدانی پۆستی پارێزگارێك و چوار قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیەك، جگە لە چەندین پۆستی ئەمنی و مەدەنی دیكە لە كەركوك و خورماتوو و پڕكردنەوی شوێنەكانیان بە عەرەب و توركمان، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان، نیگەرانی كوردی لێدەكەوێتەوەو بەرپرسێكی یەكێتیش دەڵێت:” ئێستا حیزبەكەی بەتەنها بەرگری لەم كێشانە دەكات و پارتی شەریكی شارەكەی جێهێشتووە.
دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە كەركوك لە 25 / 9 / 2017، لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بڕیاری لەكارلابردنی دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لە پۆستەكەی درا، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكراو تا لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر پارێزگار شارەكەی جێهێشت و راكان سەعیدی عەرەب كە پێشتر جێگری پارێزگار بوو بە وەكالەت لە شوێنەكەی دانرا.
هاوكات قایمقامی ناوەندیی كەركوك و قەزای دوبز و بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانیش بەهۆی ئەوەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە شارەكانیان جێهێشتووە، لە ئێستادا لەلایەن عەرەبێك و توركمانێكەوە بەڕێوەدەبرێن.  
هەرچی پۆستی قایمقامی قەزای داقوقیشە بە پاساوی ئەوەی هەڕەشەی لەسەرە، قایمقامە كوردەكەی دوای یەك رۆژ لە گەڕانەوە بۆ پۆستەكەی قەزاكەی جێهێشتووەو شوێنەكەی بە عەرەبێك پڕكراوەتەوە.
لە نوێترین هەوڵیشدا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی قەزای خورماتوو، بڕیاری دوورخستنەوەی شەلال عەبدول قایمقامی خورماتوویان دەركردو شوێنەكەیان بە توركمانێك پڕكردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (هەواڵ) كەوتوون، چوار ئەندامی ئەنجومەنەكە كە لە نەتەوەی عەرەبن، نەیانویستووە بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن، بەڵام بە هەڕەشەی چەك ناچار بە ئامادەبوون لە دانیشتنەكە كراون.
لەو بارەیەوە رەوەند مەلا مەحمود جێگری یەكەمی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” هەندێ لەو پۆستانە خۆیان جێیانهێشتووە، بەنسیبەت پارێزگارەوە، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا سەر بە برادەرانی پارتین، تا ئێستا ئامادەنین بێن بەشداری لە كۆبوونەوەكان بكەن، بۆیە پێمان دانەنراوە”.
وتیشی:” ئێمە وەك یەكێتی هەستمان بەو مەترسیانە كردووە، هەقیش وایە لایەنە سیاسییەكانی تریش هەست بەوە بكەن بۆ ئەوەی هەمومان پێكەوە تواناو قودرەتمان زیاتر دەبێت، لە رووی یاساییەوە نەهێڵین ئەو حاڵەتانە روو بدات”.
راشیگەیاند:” ئێمە وەك یەكێتی هەموو هەوڵێكمان داوە، بەڵام كاتێك دێیتە سەر هەندێ بابەتی یاسایی پێویستی بەدەنگدان و تەواجودە، بۆیە ئێستا یەكێتی بەتەنها بەرگری لەم كێشانە دەكات، پێشتر  شەریكێكی هەبووە، ئێستا شەریكەكەی شارەكەی بەجێهێشتووە”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” پێش هەموو شتێك بیرمان لەوە كردۆتەوە بەرگری لە خەڵك و شارەكە بكەین، بیرمان لەوە كردۆتەوە شارەكەی چۆڵ نەكەین، وەك هەندێ هاتوون بەناوی هێزو داگیركارییەوە، لەهەمانكاتیشدا داوا لەو لایەنە سیاسییانە دەكەم، كاتێك لێرە بارودۆخەكە لەباربوو، دەیانویست وەزعە لەبار بەرن، ئێستا بێن ئیعتراف بكەن، لەبەردەمی خەڵكدا بڵێن ئێمە سەبەبكاری ئەم كارەساتەین، ئامادەین لە گەڵتان بمێنینەوە بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە”.

‌ 976 جار بینراوه‌
1/13/2018 9:47:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved