»  راپۆرت
 دزی و كوشتن كەركوكییەكان نیگەران دەكات
ئا / هەواڵ


كوشتنی هاوڵاتیان و رفاندن و دزی لە كەركوكدا زیادی كردووەو لەماوەی یەكەم 10 رۆژی ساڵی نوێدا نۆ حاڵەتی كوشتن هەبووە، پۆلیسیش تاوانەكانی ئەم دواییە زیاتر دەگەڕێننەوە بۆ تاوانی كەتن نە وەك تیرۆرو سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگاش دەڵێت "ئەو هێزانەی ئێستا لەشارەكەن شارەزاییەكی ئەوتۆیان لە ناوچەكە نییە".

بە پێی ئامارێكی نافەرمی كە دەستی (هەواڵ) كەوتووە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە واتا بەرواری 1/1 تا 10/1 ی 2018 و ماوەی یەك هەفتە، لە شاری كەركوكدا نۆ حاڵەتی مردن هەبوون كە هەشت حاڵەتی مردنی ناسروشتی و یەك حاڵەتی خۆكوشتن هەبوون، هەروەها برینداركردن دوو حاڵەت هەبووەو حاڵەتێكی رفاندن و 8 حاڵەتی دزینی ماڵان و ئۆتۆمبیل هەبووە و نزیكەی 10 حاڵەتی تەقەكردن و نارنجۆك تەقاندنیش هەبوون، ئەمەش بەواتای هەمو رۆژێك رووداوەكانی دزین و تەقەكردن هەبوون لەگەڵ كوشتنی بەردەوام.
لەو بارەیەوە وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركوك روداوەكان بۆ رووداوی كەتن و تۆڵەسەندنەوە دەگەڕێنێتەوە و باس لەوەشدەكات لە شاری كەركوكدا بۆشایی ئەمنی بوونی نییە، بەڵكو ئەوەی روودەدات رووداوی تاوانن كە لە هەموو عێراق بەردەوامە.
عەقید ئەفراسیاو كامیل وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: "كەركوك بەدەر نیە لەشارەكانی تری عێراق و هەرێم و تەنانەت جیهانیش ئەو روداوەنەی رودەدەن لە هەمو شارێك و جیهاندا هەیە".
وتەبێژی پۆلیس رونیشیكردەوە: "ئەوانەی روودەدەن لە نێوان دوو گرووپ یان دوو كەس رودەدەن و كێشەیەك لە نێوانیاندا هەیە كە لە ئەنجامدا رێكناكەون و یەكێكیان زەفەر بەوەی تریان دەبات و لە ناوی دەبات و بابەتەكان بابەتی تاوانی كەتنن".
ئەفراسیاو كامیل وتی: "وەكو بۆشایی ئەمنی بۆشایی نییە و شەوانە و بەردەوام ئێمە مەفارزمان هەیەو بازگەی كاتیمان لەنێو شاردا هەیە و تیمەكانی پۆلیس دەگەڕێن و سەرپێچیكاران و تاوانكاران بەردەوام دەستگیر دەكرێن".
هەروەها وتیشی: "تا ئێستا لەو باندانەی بە نارنجۆك و هاوەن هێرش دەكەنە شوێنە حزبی و حكومیەكانەوە سێ باند دەستگیر كراون جگە لەوانەی دزی ماڵان و ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن لێیان دەستگیر دەكرێت و ئەوەی لە توانای هێزەكانمان بێت كەموكوڕی لێ نەكراوە".
لەلایەكی ترەوە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا رونیكردەوە كە شاری كەركوك بۆشایی چەند هێزێكی پێشوی پێوە دیارەو ئەو هێزانەشی ئێستا لەشارەكەن شارەزاییەكی ئەوتۆیان لە ناوچەكە نییە لەروی هەواڵگریەوە بۆیە هەندێك روداو روودەدەن.
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی: "لە شاری كەركوكدا بارودۆخ گۆڕاوە و هەندێ دەزگای ئەمنی شارەكە نەماون و لە بری ئەوە هێزی ئەمنی سەربازی هەن كە شارەزای شارەكە نین و پێش روداوەكان ناكەون".
هەروەها وتی: "ئەوەی لەشارەكە رودەدا دەتوانین بڵێین دوو هێندەی پێشوون و روداوی گەورە و بچوك رۆژانە ئەنجامدەدرێت هەر لە تیرۆر و دزی و كوشتن، ئەوەی دزی و بڕینەكە لە هەمو شارێكدا هەیەو كەسانی هەلپەرست هەن رووداوەكان و بارەكان دەقۆزنەوە بۆ مەرامی خۆیان، بەڵام تەقینەوە و تیرۆر و هاوەن و نارنجۆك ئەوە بابەتێكی دیكەیە".
ئازاد جەباری باسی لەوەشكرد: "دیاردەی تەقەكردن لە تیمی ئەمنی و یاخود كوشتنی كەسایەتی و تەقاندنەوە و رفاندن ئەمە كارێكی ترە و كەسانێك هەن لە سەرجەم نەتەوەكان دۆخەكە دەقۆزنەوە و كێشەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی خۆیان بە لەناوبردن و زیان گەیاندن بەچەند كەسێك دەردەكەن".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا رونیشیكردەوە: "ئەم هێزانەی خۆمان لە شارەكە لە روی ژمارەوە كەمن و بۆشایی هەردوو هەردوو ئاساییشەكە و هەندێك پۆلیسی كورد هەیە كە پێشتر شارەزا بوون، ئەو هێزانەی لێرەن سەربازین و لە كاری كەتن و مەدەنیا شارەزایی شارەكەیان بەتەواوی نییە و هەربۆیە دەبینی پێش ئەوەی بەر بەتاوان و كارێك بگرن پاش روداوەكە گەڕان و پشكنین دەستپێدەكەن و ناوچەیەك گەمارۆ دەدەن كەئەمەش دەبوو پێشتر بەر لە كارەكان بگیرێت بەهۆی زانیاری بەهێزەوە".

‌ 1225 جار بینراوه‌
1/13/2018 9:48:51 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved