»  چاوپێکەوتن
غازی كەركوكی: ئامادەكاری تەواو بۆ هەڵبژاردن دەكەین و كەمترین كاندیدی كادری حیزبیمان هەیە


غازی كەركوكی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك، لەم چاوپێكەوتنەی (هەواڵ)ـدا، تیشك دەخاتە سەر ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوكات ئاماژە بەوەشدەكات:” پێویستە كاندیدەكانی یەكێتی كەسانی شیاو بن و پێش هەموو شتێك بەرگری لە مەسەلە نەتەوایەتییەكە بكەن” ئەوەش ئاشكرا دەكات كە وەكو یەكێتی ئامادەكاری تەواو بۆ هەڵبژاردن دەكەن”.




*ئامادەكارییەكانی یەكێتی لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە چ ئاستێكدایە؟
- دەستمانكردووە بە ئامادەكاری لە پێشدا لە كاندیدەكانەوە دەستمان پێكردووە، نزیكەی (85) كەس ناوی خۆی پیشكەشكردووە، ئێمەش رەچاوی بڕوانامەو بوارو رابردووی كەسەكانمان كردووە، بۆ ئەوەی كەسی شیاو هەڵبژێرین، بۆ ئەوەی ناویان بەتەواوی بچەسپێنین تاوەكو ئەو كاندیدە چانسی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی هەبێت، لە هەموو ناوچەكانیش بەرنامەمان داناوە، بۆ ئەوەی لە رێگای كادرو ئەندامانی خۆمانەوە ئامادەكاری بكەین، وەكو مەركەزیش لەسەرووی خۆمانەوە كۆمەڵێك رێكڵام و دروشم ئامادەكراوە، بەڵام ئێمە لە كەركوك دەمانەوێت كۆمەڵێك رێكڵام و دروشمی جیاوازیش بكەین، لەبەر ئەوەی كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆ كەركوكیش پێویستە كۆمەڵێك دروشم هەبێت كە لەگەڵ كەركوكییەكاندا بگونجێت بەتایبەتی لە دوای ریفراندۆمەوە، لەناو مەڵبەندیش لیژنەمان هەیە بۆ تەواوی كارەكان. 
*جیاوازی لەنێوان ئامادەكاری بۆ ئەم هەڵبژاردنەو هەڵبژاردنی ساڵی 2014 لە چیدایە؟
-ئێمە وەك یەكێتی لە كەركوك، لە كۆبونەوەكانی خۆماندا بە ئاشكرا وتومانە، لە دوای ریفراندۆمەوە، لەگەڵ پێش ریفراندۆم جیاوازی زۆرە، رەنگە پێشتر كۆمەڵێك كاندیمان دانابێ لەسەر هەندێ بنەما، بەڵام ئێستا وامان كردووە، كۆمەڵێك كاندید بێتە پێشەوە لەگەڵ ئەم رۆژگارەدا بگونجێت، دەبێ خەڵكێ بێت پێش هەموو شتێك بەرگری لە مەسەلە نەتەوایەتییەكە بكات، هەوڵیشمان داوە لە هەموو توێژو بوارەكان كاندیمان هەبێ، لەم هەڵبژاردنەش كەمترین كاندیدی كادری مەڵبەندی تێدایە، هەوڵیشمان داوە باڵادەستەكانی تێدا نەبێت.
* كوردی كەركوك لە ئێستادا بەشێوەیەكی گشتی توڕەن، یەكێتی چۆن كار لەسەر ئاشتكردنەوەیان دەكات؟
- من بۆ خۆم كەركوكیم، خەڵكی كەركوك باش دەناسم، هەموومان كەركوكییەكان دەناسین، ئەگەر تائێستاش بیروڕای جیاوازمان هەبێت، ئەگەر هەرچەندە توڕەش بین، رەنگە لە من و تۆ توڕە بن، بەڵام لەسەر مەسەلە نەتەوەییەكە توڕە نییە، پێموایە خەڵك دەنگ دەدات، من بە راشكاوانە دەیڵێم خەڵكێكی زۆر كە حزبەكەشیان بایكۆتی هەڵبژاردنی لە كەركوك كردووە، بەڵام ئەوان وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و وەك پرسێكی نەتەوەیی ئامادەن دەنگ بە یەكێتی بدەن. 
* پێشبینی دەكەن دەنگەكانی یەكێتی لە كەركوك گۆڕانكاری بەسەردا بێت؟
- رەنگە كەم بكات، بەڵام ئەوەش بەو رێژە نابێت كە نیگەرانمان بكات، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر شارەكە هاتووە.
* گرەنتی چییە بۆ ئەوەی ئەو كەركوكیانەی تائێستا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەژین، لە كاتی هەڵبژاردندا لە بازگەكانی كەركوك ئاستەنگییان بۆ دروست ناكرێت، كە دەیانەوێت بێنەوە لە كەركوك دەنگ بدەن؟
- بەڵێنێك دراوە رەنگە بۆ ئەو ئاوارانە لە سلێمانی و هەولێر و شوێنەكانی تر بتوانین سندوقیان بۆ دابین بكەین بۆ ئەوەی لەوێوە دەنگی خۆیان بدەن.
*لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا یەكێتی زیاتر تەركیز لەسەر هەستی نەتەوایەتی یاخود خزمەتگوزاری دەكاتەوە؟
- تەركیز دەكەینە سەر هەردوو لایەنەكە، ناتوانم بڵێم لایەنێكیان فەرامۆش دەكەین، مەسەلە نەتەوایەتییەكە لە كەركوك لە پێش هەموو شتێكەوەیە، دەبێ خەڵكی كەركوك بزانێت، سەرەڕای هەموو كەموكورتییەكانی دەسەڵاتی كوردی لە كەركوك، بەڵام بۆمان دەركەوت لە ماوەی سێ مانگدا كە عەرەب و توركمان دەسەڵاتیان هەبوو لە كەركوك، بەڵام بێ ئاوو كارەباین لەم شارە.
* دوا پەیامت بۆ هاوڵاتیانی كەركوك؟
- داواكارم لە خەڵكی كەركوك، لەگەڵ هەموو ئەو كەموكورتیانەی كە لەم شارە روویداوەو دەسەڵاتی كوردی كەموكورتی هەبووە، بەڵام هەر دەسەڵاتێكی كوردی باشترە لە دەسەڵاتێكی شۆڤێنی و نەیارانی كورد، كە دەیانەوێت لە رەگوڕیشەوە كەركوك لە كوردستانیبوونی داببڕن.

‌ 961 جار بینراوه‌
2/10/2018 9:44:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved