»  پەڕەموچ
له‌ كۆبانێوه‌...
ن: سه‌لمان شێخ بزێنی


من لێره‌ له‌ (كۆبانێ)، له‌ سایه‌ی هه‌وری بارانتا،  خه‌ریك بوم نه‌زرم بۆده‌گرتیه‌وه‌،  له‌ ترپه‌كانی دڵما كاته‌كانم بۆ رێكده‌خستیت و ژماره‌كانم ریزده‌كرد،  له‌ دانه‌وه‌ی ئاهی قوڵمدا پوشو په‌ڵاشی پێش بارانم بۆ راده‌ماڵیت،  له‌ ته‌زووی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی جه‌سته‌ما  له‌شوێن بروسكه‌ ده‌مویست هه‌وری ناخت خاوكه‌مه‌وه‌،  له‌خه‌یاڵی شه‌وو رۆژما وه‌رزی ئازادیم بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كردیت. زورگو ته‌په‌و نه‌وراویه‌ كانی كۆبانێم ده‌بونه‌ گوڵزارو به‌ شنه‌ی ئێواره‌دا گوڵی زه‌ردو سورو سپی له‌ چیمه‌نی سه‌وزه‌ڵانا له‌ پێشوازی بوكی سه‌رفرازیدا سه‌مایانده‌كرد.
 به‌ڵام تو رۆیشتی و نه‌هاتیه‌وه‌،  له‌ (ئه‌فرین)ـا بویته‌ هه‌وری توڕه‌و بویته‌ بارین، له‌ نێوان تاشه‌به‌ردو دارزه‌یتونی سه‌نگه‌ره‌كه‌تا گوڵاڵه‌سوره‌ روان و ئاماژه‌ی شه‌هید بوونت درا به‌چاوی چاوچنۆكانی دنیادا،  ده‌نگدانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی پاكت مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زاركردو ئه‌ژنۆی سوڵتانه‌كانی هێنایه‌ له‌رزه‌. 
من لێره‌.... له‌م بێبارینه‌، سه‌راسیمه‌ له‌و كۆلكه‌زێڕینه‌یه‌ ده‌ڕوانم  كه‌ له‌ حزورتا چه‌ماوه‌ته‌وه‌و سه‌رێكی له‌ زه‌ویه‌ نه‌رمه‌ڵانی كۆبانێ داناوه‌..... بێ بارین بۆ بارینن ئه‌مێستاكه‌ سه‌رسامم.. ده‌بینم بۆته‌ تاقی ئازادیخوازان و  پۆل پۆل به‌ژێریدا سه‌رنه‌وی و چاو له‌ زه‌وی و ده‌ست له‌سه‌ر سینگ، له‌ نێو ئاڤێستای كه‌ونارا له‌ ئاڤێستاكه‌ی ئێمه‌ راده‌مێنن،  په‌ری ئاسا به‌دو شاباڵه‌كه‌ی، پێش تو هات و له‌ نێو گاتاكانا هێڵێكی سوری به‌ژێر رسته‌یه‌كیدا هێناو پێناسه‌ی خۆی دیاریكرد،  دواتر هه‌ر ئه‌وان به‌سه‌ر سواله‌ته‌كانی مێژوودا، تێده‌په‌ڕین،  له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی شكۆداری ئه‌م چه‌رخه‌دا لێدوان ده‌ده‌ن و په‌یام ده‌نوسن: “شانازیه‌ك  كه‌ كه‌س نه‌یبێت بارینی... بارینه‌كانی ئێوه‌یه‌”.

‌ 619 جار بینراوه‌
3/3/2018 10:09:49 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved