»  پەڕەموچ
هه‌وارگه‌ی دڵان
شعره‌كانی دڵ (په‌ری قه‌ره‌داغی)



شیعره‌كانم بیرت ئه‌كه‌ن
وشه‌كانم له‌ گریانن
له‌و رۆژه‌وه‌ی نه‌مبینیوی
غه‌م و ئازار لام میوانن
بگه‌رێوه‌ هه‌واری دڵ
با نه‌بێت به‌ كه‌لاوه‌ی چۆڵ
ئه‌ی نازانی هه‌ست و سۆزم
به‌ نه‌بوونت په‌رێشانن
له‌ بێ تۆیی زۆر ئه‌ترسم
دڵم ته‌نیا تۆی تیاماوه‌
ده‌ تۆش وه‌ره‌ جێممه‌هێڵه‌
ده‌ورووبه‌ر لێم به‌ گومانن
خۆشه‌ویستی بۆمن ته‌نها
غه‌م و ئه‌شكی بێ كۆتایه‌
وه‌ك په‌پووله‌ چاوه‌كانم
به‌حه‌سره‌تی گوڵی جوانن
خۆشیم نه‌دی له‌م سه‌رابه‌
ئه‌ی كوا ئه‌ڵێن به‌هار هه‌یه‌
وه‌رزه‌كانی ته‌مه‌ن بۆمن
هه‌تا ئێستا هه‌ر خه‌زانن
دڵ چی ئه‌وێ له‌م دۆزه‌خه‌؟
ته‌نها كه‌مێ سۆزی باوه‌ش
رازی دڵ و ئه‌شكی خوێنین
ده‌پێمبڵێ كه‌ی ژووانن؟
بملاوێنه‌ بابێمه‌ جۆش 
دڵ بووخچه‌یه‌ غه‌م و ده‌رده‌
له‌ نێو سینه‌مدا په‌نهانن
دوو رێبوه‌ری به‌یه‌ك نامۆین
له‌م سه‌فه‌ره‌ی ناوی عه‌شقه‌
دڵه‌كانمان كوا وه‌ك خه‌ڵكی
به‌یه‌كه‌وه‌ ئاوێزانن
به‌ڕێكه‌وتیش به‌ یه‌ك ناگه‌ن
له‌هیچ كووچه‌و كۆڵانێكدا
وه‌ك دوو مه‌لی لانه‌ شێواو 
په‌ڕاوێزی دارستانن

‌ 991 جار بینراوه‌
3/3/2018 10:10:35 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved