»  کوردستان
په‌روین فاتح: مه‌راسیمی جلوبه‌رگی كوردی له‌ قۆتابخانه‌كانی خوێندنی كوردی سازده‌كه‌ین




رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك  مه‌راسیمی جلوبه‌رگی كوردی سازده‌كرێت و سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌ خوێندنی كوردییش ده‌ڵێت:" ئاماده‌كاری ته‌واومان بۆ ئه‌و رۆژه‌ كردووه‌".
په‌روین فاتح، سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌ خوێندنی كوردی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:" رۆژی دووشه‌ممه‌12/3/2018 سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك هه‌ر له‌ باخچه‌ی ساوایانه‌وه‌ تا دوا قۆناغه‌كانی خوێندن، هه‌ڵده‌ستین به‌ سازكردنی مه‌راسیمی رۆژی جلی كوردی و ئه‌و یاده‌ به‌رز راده‌گرین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" لای خۆشمانه‌وه‌ ئاگاداری سه‌رجه‌م قوتابخانه‌و مامۆستایان و خوێندكارانمان كردۆته‌وه‌و  ئاماده‌كاری ته‌واومان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین رۆژی جلی كوردی به‌رز رابگرین".
په‌روین فاتح وتیشی:" وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی خۆمانه‌ له‌ كه‌ركوك له‌ژێر چه‌تری ده‌ستور موماره‌سه‌ی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆمان بكه‌ین،چونكه‌ له‌  ده‌ستوری عێراقدا هاتووه‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێ نه‌ته‌وه‌ییه‌كی تر بسڕێته‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ڵده‌ستین یه‌ سازدانی ئه‌و مه‌راسیمه‌".
هه‌روه‌ها ناڕه‌زایی خۆشی ده‌ربڕی له‌و رێگرییه‌ی كه‌ له‌ زانكۆی كه‌ركوك به‌رانبه‌ر به‌ خوێندكارانی كورد كراو رێگه‌نه‌درا جلی كوردی بپۆشن و وتی:" له‌سه‌ره‌تای ساڵ مه‌راسیمی تایبه‌تیان له‌ زانكۆی كه‌ركوك سازكردو ناویان لێنا رۆژی سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام رێگه‌نه‌درا  یادی رۆژی جلی كوردی بكرێته‌وه‌".
وتیشی:" ئێمه‌ وه‌ك گه‌لی كورد كۆمه‌ڵێك یادو بۆنه‌ی خۆش و ناخۆشمان له‌ مانگی ئاداردا هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت له‌ رێگای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌، ده‌بێ ئه‌م كه‌یسه‌ بجوڵێنین بۆ ئه‌وه‌ی رێگری نه‌كرێت له‌ كورد بۆ سازكردنی مه‌راسیمه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی".


‌ 1271 جار بینراوه‌
3/8/2018 5:15:42 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved