»  وتاری هەفتە
راپەڕین و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر
بورهان حاجی سلێمان



لەماوەی (27) ساڵی رابردوودا ئەوەندەی ئەمساڵ سوكایەتی بە راپەڕین و چەمكی پیرۆزی كوردایەتی نەكراوە، ئەگەر گەندەڵی و دەستگرتن بەسەر راپەڕین و دەستكەوتەكانی لە لایەن چەند حیزب و دەستەبژێرێكی سیاسی بەرژەوەندخوازەوە، هۆكاری سەرەكی ئەو ناشرینكردن و بەتاڵكردنەوەی پیرۆزی ئەو یادە پڕشكۆیە بن، ئەوە دەبێت لە پشتی ئەو هۆكارەوە بۆ كارەساتێكی گەورەتر بگەڕێین، كە پێیدەڵێن عەقڵیەتی هاوڵاتیبوون و ئینتیما بۆ وڵات لای تاكی كورد، ئەو عەقڵیەتەی لە دوای راپەڕین بەشێكی سەرەكی بووە لە گەورەكردنەوەی قەوارەی حیزبەكان جا چ بە دەنگدان  یان هەڵگرتنی چەك.
راپەڕین هەرچەندە حاڵەتێكی شۆڕشگێڕی نمونەیی بێ خەوش نەبوو، بەڵام ئەگەر هیچی نەكردبێت، رێگری كردووە لە پرۆسەیەكی ترسناكی تەعریبی سەرتاسەری.. دوای سێ ساڵێك لە زامی كیمیاباران و كۆستی ئەنفال هەناسەیەكی داوەتەوە بەر چەمكی مرۆڤبوون لای تاكی كوردی تێكشكاوی ئەو سەردەمە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ناشرینكردنی مێژووی خەبات و بێ بەهاكردنی خوێنی شەهیدانی هاوڵاتی راپەڕیوو پێشمەرگەیە، سوكایەتیكردنە بە چەمكی كوردایەتی، ئەمانەش تەواوكەری گەندەڵی حیزب و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتی كوردیین بۆ جێبەجێكرنی ئەو پیلانەی كە مەبەست لێی گێڕانەوەی بزووتنەوەی رزگارخوازی گەلی كوردستانە بۆ خاڵی سفر.
ئێستا شەپۆلێكی داماڵینی تاكی كورد بە تایبەتی لە هەموو پەیوەندییەكی رۆحی بە چەمكی نیشتمانیبوون و كوردایەتیەوە لە لوتكەدا، خەڵكانێكی هەڵپەرستی ناو كایەی سیاسی و رۆشنبیریش كە كەم و زۆر بەشێك بوونە لەم سیستمە گەندەڵەی هەرێم  و سواری شەپۆلەكە بوونە... من نامەوێت بە تیۆری پیلانسازی بیربكەمەوە، بەڵام ئەمە ئەو چێشتە ژەهراوییەیە كە دوژمنان بۆ سەندنەوەی تەواوی مافەكانی كورد، ماوەیەكی زۆرە لە سەر ئاگرێكی كز بۆی داناوین تا لە كاتی گونجاودا دەرخواردمان بدەن.
ئەوانەی ئێستا وەكو كاردانەیەكی ناتەندروست لە داخی ئەم سیستمە گەندەڵە حاشا لە كوردایەتی دەكەن، لەبیریان چووە، ئێستا عەفرین بەهۆی كوردبوونەوە جینۆساید دەكرێت، ئامەد بەهۆی كوردبوونەوە دەچەوسێتەوە، مەهاباد بەهۆی كوردبوونەوە رۆڵەكانی لە سێدارە دەدرێن، ئێمە لە بری كاركردن بە هەمان عەقڵیەتی حیزبی كوردی كە بۆ هەموو گۆڕانكارییەك یان یەكلاییكردنەوەی هەر پرسێكی ناوخۆیی پەنای بۆ بێگانەو دەستی دەرەكی بردووە، پێویستە لە ناوەوە پشت بە وزەو توانای خەڵك ببەستین بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و سزادانی گەندەڵكاران، بەر لەوەش دەبێت راپەڕینێكی مەزنتر لە عەقڵیەتی تاكی كورددا بكرێت، ئەو عەقڵیەتەی لە كاردانەوەیەكی عاتفیدا هیچ پیرۆزییەك و شكۆیەكی نیشتمانی ناهێڵێـتەوە تووڕی نەدا، چونكە ئەزموونەكان سەلماندوویانە ئەم عەقڵیەتە لەمە باشتر بەرهەمناهێنێت و تەواوی حیزبەكان هەڵگری جینات و سیفە بۆماوەییەكانی ئەو عەقڵیەتەن.
هەموو گۆڕانكارییەك پێویستە لەم دیو شوراكەوە بكرێت، دەبێت بەهۆكاری خودی هەوڵی راستكردنەوەی رێچكەی راپەڕین بدرێت، نەك كوێر بكرێتەوەو جارێكی دیكە لەم جیهانەدا ون بین و  بەدوای شوناس و قەوارەی خۆماندا بگەڕێین و بە هەزار دەردەسەری و قوربانی دیكە كار بۆ گێڕانەوەی خەونی دزراومان بكەینەوە .         

 

 

‌ 1366 جار بینراوه‌
3/10/2018 10:07:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved