»  کوردستان
قەیرانی (زبـڵ)..خـۆڵ و خاشاك كەركوك داگیر دەكـات
 رەوان تاڵیب

خۆڵ و خاشاك لە گەڕەكەكانی كەركوك بەشێوەیەكی زۆر زیادیكردووە، شارەوانیش دەڵێت:” ئەو بڕە پارەیەی بۆ پاكردنەوەی كەركوك تەرخانكراوە تەنها دەتوانرێت (25-30%)ـی شارەكە پاكبكرێتەوە”.
بە پێی زانیارییەكانی هەواڵ لە ئێستادا تەنها رێگە سەرەكییەكان پاكدەكرێتەوەو ناو گەڕەكەكان پشتگوێخراون، بەڵام عەدنان حەمە شكور، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی شارەوانی كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”لە بودجەی ئەمساڵدا بڕە پارەیەكی كەم بۆ پاكردنەوەی ناو شاری كەركوك خەرجكراوە كە رێژەكەی نزیكەی 270 ملیۆن دینارە بۆ هەرمانگێك”، ئەوەشیخستەڕوو:”ئەو بڕە پارەیەش تەنها دەتوانێت(25-30%) كارەكانی پاكردنەوەی ناو شاری پێبكرێت، ئەمەش گیروگرفتی گەورە دروستدەكات”. 
بەوتەی لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی شارەوانی كەركوك، لە دوای راگرتنی كۆمپانیای خالید شینكی تایبەت بە كۆكردنەوەی خاشاكی نێو گەڕەكە كوردییەكان ئەو ئەركە كەوتۆتە سەر تیمە تایبەتەكانی شارەوانی كەركوك، هەروەها باسی لەوەشكرد:” بڕیاری ئەوە هاتووە شارەوانی كەركوك كاری پاكردنەوەی ناوشار بگرێتە ئەستۆ، شارەوانیش بەهۆی كەمی ئامێر و كارمەندەوە ناتوانێت سەرجەم كارەكان بكات و لە توانایدا نییە سەرجەم خزمەتگوزاریەكان بگەیەنێتە گەڕەكەكان”، وتیشی:”ئەوەی دەوترێت جیاوازی لە نێو گەڕەكەكان دەكرێت راست نین و تیمەكان بە یەكسانی كارەكانیان دەكەن”. 
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”شارەوانی كەركوك لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و حكومەتی عێراق تاوەكو ئەو پارەیە زیاد بكەن”. 
لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی شارەوانی كەركوك، راشیگەیاند:”رۆژانە لەكەركوك (600-800) تۆن زبڵ و خاشاك هەیەو لە توانای شارەوانیش نیە سەرجەمیان كۆبكاتەوە”، ئەوەشی نەشاردەوە:”شارەوانی بەم دۆخەی ئێسا تەنها توانای كۆكردنەوەی (100-150) تۆن خاشاكی هەیە”، روونشیكردەوە:”لە كەرتەكانی 1 و 2 و 4 شارەوانی هەڵمەتێكی پاكردنەوەی خاشاكی گەڕەكەكان دەستیپێكردووە بە دوو شەفتی بەیانیان و ئێواران، هەڵمەتەكەش بەردەوامە”، وتیشی:”بەهیواین هاوڵاتیانیش هاوكاری تیمەكانی شارەوانی بكەن و خاشاكەكانیان بكەنە ناو نایلۆنەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.

‌ 824 جار بینراوه‌
3/10/2018 10:27:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved