»  ناوچەیی
قەوارە بچووكەكان هەڕەشە لە رێژەی دەنگ و سەنگی كورد دەكەن
ئا / هەواڵ


ئەو لیست و قەوارە كوردییانەی كە ناتوانن دەنگەكانیان بگەیەننە ئاستی كورسییەك، ئەگەری زۆرە دەنگە بەدەستهاتووەكانیان بچێت بۆ نەتەوەكانی دیكەو بەهۆیەوە كورسی زیاتر لە قەبارەی خۆیان لەسەر حیسابی دەنگی كورد بەدەستبێنن.

جگەكە لەوەی تا چەند گرنگە دەنگدەری كورد لە كەركوك، وەك ئەركێكی نیشتیمانی دەنگ بدات، ئەوەش گرنگە وەك  هەستكردن بە پەرسیارێتی بەرانبەر بە ئایندەو چارەنوسی شارەكەو پوچەڵكردنەوەی پیلان و مەترسییەكانی سەر كورد، دەنگ بەو لیستە بدات كە چاوەڕوانی بەدەستهێنانی رێژەی كورسی زۆری لێدەكرێت، بۆ ئەوەی هیچ دەنگێكی كورد بە فیڕۆ نەچێت.
دكتۆر بێستون عادل، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێـراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” دەبێ كورد بە هەموو لیستیەكانیەوە، بچێتە سەر سنوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدات،  لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە سەنگی مەحەكە”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، وتیشی:” ”ئەوەی لەم هەڵبژاردنە دەنگ نەدات، پێموابێ ئەوە ئینتیحارە بۆ كەركوك، لەبەر ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە  زۆر شت روون دەكاتەوە، یەكێك لەوانە ئێمە لە ساڵانی رابردوو، رێژەی كورسییەكانمان زۆر بووە، ئەوەش دەمانخاتە بەردەم مەترسی بەوەی كە ئێمە بە هەقی خۆمان ئەو كورسییانەمان نەهێناوە”.
باسی لەوەشكرد:” ئەگەر وەكو كورد، دەنگی كەمتر بهێنین بەهەمان شێوە دەكەوینە ژێر مەترسی نەیارەكانمان، كەدواجار ئەوان كار بكەن و یەكگبگرنەوە بۆ ئەوەی پۆستە باڵاكانی وەك پۆستی پارێزگار بكەوێتە دەستی ئەوان، ئەمەش كارێكی خراپە”.
دكتۆر بێستون باسی لەوەشكرد:” پێویستە هەرچی گلەیی و گازاندەیەك هەیە بۆ كاتێكی تر هەڵبگیرێت، دەبێ خەڵك دەنگ بدات، بۆ ئەوەی بۆ نەیارەكانمانی دووپات بكەینەوە كە كورد لە كەركوك زۆرینەیەو ئەمشارە كوردستانییە، هەربۆیە داوا لە خەڵكی بەشەرەفی كەركوك دەكەم هەموو بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لەبەر ئەوەی دەنگدانێكی  یەكلایی كەرەوە دەبێت ئەمجارە”. 
نەشیشاردەوە:” وەك یەكێتی زۆر داوای ئەوەمان كرد، كە لایەنەكان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن،  بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەن ئەوەیان نەكرد”.
راشیگەیاند:” خەڵكی كەركوك ئاستی رۆشنبیریان بەرزەو دەزانن دەنگ بە كێ دەدەن،باشترین كاریش  بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دەنگیان نەفەوتێت، دەنگ بە لیستی یەكێتی بدەن بە تایبەتی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، چونكە لیستێكی بەهێزەو دەتوانێ زۆربەی دەنگەكان بۆ خۆی كۆبكاتەوە”.   
رابەر رەشید، نووسەرو رۆژنامەنوس و پێشمەرگەی دێرین، بۆ (هەواڵ) وتی:” دەنگدانی كورد لەم هەڵبژاردنەدا لە جارەكانی پێشوو چارەنوسسازترە، بە حوكمی ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە لە شارەكە كشاوەتەوە، دەسەڵاتی ناوەند زیاتر بەسەر شارەكەدا زاڵە، بۆیە پرسی دەنگدانی كورد لە شارەكە پرسێكی چارەنوسسازەو كورد دەبێ لە جاران بە جۆش و خرۆشتر بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدات”.
رابەر رەشید، وتیشی:” پێویستە خەڵك جەخت لەسەر ئەو لایەنانە بكەنەوە كە دەنگەكانیان مسۆگەرە، لەوەی كە دەنگی كەمدەهێنن و دواتر دەنگەكانیان دەفەوتێ، لەبەر ئەوەی هەر لیستێك یان قەوارەیەك، كە دەنگی كەم بهێنێت، نەگاتە ئاستی ئەوەی كە كورسی بەدەستبهێنێت، لەوانەیە دەنگەكان بفەوتێ، بۆیە باشتر وایە جەخت لەسەر ئەو قەوارە سیاسییانە بكەینەوە كە دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكە بەدەستدەهێنن”.
ئەو رۆژنامەنوسە لە بارەی رۆڵی راگەیانەوە دەڵێت:” راگەیاندن رۆڵێكی زۆر كاریگەرە، نەك تەنها لە بەشی هەڵبژاردن، بەڵكو لەسەرجەم كایەكاندا، بەتایبەتی لە پرسی هەڵبژاردن كە بۆ خۆی وشیاركردنەوەی تاكی دەنگدەرە، ئەركی هەرە لە پێشینەی راگەیاندنەكانە، بە جۆرێك خەڵك سارد نەكەنەوە، یاخود لایەنێك بیەوێت لایەنەكانی تر قوت بدات، یاخود ببێتە مایەی دڵگرانی و نیگەرانی لە جیاتی ئەوەی هانی خەڵك بدات بچێت دەنگ بدات، نەك ساردیان بكاتەوە  لە دەنگدان.
ئاماژەی بەوەشكرد:” پرسی هەڵبژاردن، لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك جۆرێكی ترە،  بەڵام دەبێ لە كەركوك زیاتر جەخت لەسەر ئەو قەوارانە بكرێتەوە كە دەنگەكانیان نافەوتێ و كورسی بەدەستدەهێنن، هیوادارم ئەم قسانەی من نەبێتە بانگەشە بۆ لایەنێكی دیاریكراوی ئەم شارە، بەڵكو مەبەستی من ئەوەیە دەنگی كورد نەفەوتێ، ئەمجارە زیادبوونی دەنگێكی كورد، بایەخدارترە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، چونكە ئەوكات كورد بۆ خۆی دەسەڵات بوو، ئێستاش دەبین دۆخەكە چۆنە، لایەنەكانی بەرانبەریش بە چ ئەجێندایەك كار بۆ سڕینەوەی كورد دەكەن”.
رابەر رەشید، ئەوەشیخستەڕوو:” ئەمجارە دەبێ دەنگدەر زیاتر هەوڵبدات دەنگەكان لە شوێنێك كۆبكاتەوە كە پاڵێوراوێك سەر بخات، نەك بە پێچەوانە دەنگ بە لیست و قەوارەیەك یاخود كاندیدێك بدات كە دەزانێ دەنگەكەی دەفەوتێ و دواتر كورد زەرەمەند دەبێ”.
شادمان مەلا حەسەن، چاودێری سیاسی-یش، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” كورد هەتا پێی بكرێت دەبێ دەنگ بدات، بەتایبەتی لە ناوچە دابڕاوەكان، لەبەر ئەوەی دۆخێكی خراپ بەسەر ئەو ناوچەیەدا هاتووە”.
شادمان مەلا حەسەن، وتیشی:” كورد لە رووی ئیداری و سەربازی و سیاسییەوە پاشەكشەی كردووە، باشترین پێوەر ئەوەیە، كە دەنگ بدات، بۆ ئەوەی شێوەو قەبارەی خۆی دووبارە بكاتەوە پێوەر، بۆ ئەوەی  لایەنەكانی بەرانبەری بسەلمێنێت كە ئەم ناوچانە ناوچەی كوردستانین و كورد زۆرینەیە تیایدا”.
باسی لەوەشكرد:” دەبێ خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان بە بێ ترس بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و  دەنگ بدەن، دەنگی زیاتریش بە لیستە گەورەكان بدەن، بەتایبەتی لیستی یەكێتی، چونكە ئەو لیستە لە هەموو لیستەكان گەورەترە ، تەواوجودی باشترە، بۆ ئەوەی دەنگەكان نەفەوتێ، زیاتر ئەركێكی نەتەوەیی لەوەیە دەنگە بۆ ئەو لیستە بێت باشترە، چونكە لەوانەیە لیستەكانی تر هیچ گرەنتییەكانیان نەبێت كە دەگەنە ئاستی بەدەستهێنانی كورسی یاخود نا”.
ئەو چاودێرە سیاسییە پێشیوابوو:” راگەیاندنەكان بە شێوەیەكی گشتی راگەیاندنی خراپن، زیاتر راگەیاندنی هاشوهوشن، هیچ بەرنامەیەكیان بۆ مەسەلەی ئەم هەڵبژاردنە نییە، كە هەڵبژاردنی عێراقە، كەچی ئەوان هەموو ململانێیەكیان لەگەڵ یەكترە، ئەگەر ئەو لیستە لیستە كوردییەكەی تری شكاند، پێیوایە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، نازانێ ئەو كەمینەیەو دواتر لە بەغدا دەچێتە نێو زۆرینەیەكەوە، پێویستە زیاتر ململانێكان لەگەڵ بەغدا بێت”.


‌ 807 جار بینراوه‌
4/27/2018 11:15:19 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved